ChatCrawlersearch across public Telegram Open the app
ن

ناسیۆنالیزمی كوردی

сообщение · 2026-07-21 18:24 UTC
K
id 1368311101Фотография
گۆڕینی شۆڕشێک بۆ دژە #شۆڕش: ڕۆڵی #ئۆجەلان لە شۆڕشی #ڕۆژئاڤا و لێکەوتەکانی بەهاری عەرەبی کە لە کۆتایی ساڵی 2010 لە توونس دەستی پێکرد و لە ساڵی 2011دا سووریای گرتەوە، لە ساڵی 2024دا بە ڕووخانی ڕێژیمی بەعس ئەسەد، کۆتایی پێهات. بەهاری عەرەبی دەرفەتی گەورەی بۆ کورد بە گشتی و بۆ #ڕۆژئاڤای_کوردستان بەتایبەتی ڕەخساند. سەرکەوتنی #کورد لە ڕۆژئاڤا گورزێکی گەورەی لە سیستمی کۆلۆنیالیزم دەدا کە بەسەریاندا سەپێنراوە. گەلی کورد لە چوار پارچەی #کوردستان دا، لەپێناو پاراستنی ڕۆژئاڤادا سەفەربەر بوو. بە هەزاران کوڕ و کچی کورد کە بە ڕێزەوە کڕنۆشیان بۆ دەبەین و یادیان بەرز ڕادەگرین، لەپێناو ڕزگارکردنی ڕۆژئاڤادا گیانی خۆیان بەخت کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی مانگی تشرینی دووەمی 2021ی فاتمە عومەر، سەرۆکی کۆمەڵەی سەربازانی ڕۆژئاوا، لە پێناو بەرگریکردن لە ڕۆژئاڤادا، زیاتر لە 13 هەزار کەس شەهید بوون و هەروەها 28 هەزار کەس بریندار و پێنج هەزار کەسی دیکەش کەمئەندام بوون. لە ئێستادا ژمارەی شەهیدەکان 15 هەزار کەسی تێپەڕاندووە. سەرەڕای ئەو هەموو قوربانیدانانە، بەڵام لە ڕۆژئاڤادا هیچ دەستکەوتێکی گرینگ بۆ کورد بەدەست نەهاتووە. تەنها ئەوە بەس نییە کە ئێمە ئەم شکست و تەسلیمبوونە لە #ڕۆژئاوای_کوردستان، تەنیا بە دووڕوویی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و بەتایبەت #ئەمریکا، یان بە بەهێزبوونی بەرەی دژە کوردەوە گرێ بدەین. کاریگەرترین فاکتەر ئەو دەستێوەردانەیە کە ئۆجەلان و پەکەکە لە ڕۆژئاڤا کردیان. ڕەنگە وشەی دەستێوەردان بۆ ئەو ڕەوشە شرۆڤەکردنێکی تێر و تەسەل نەبێت، چونکە ڕاڤەکردنی سیاسەتی پەکەکە لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا، بە تێگەی ئەمانەت و دەستبەسەرداگرتن و بەبارمتەگرتنەوە گونجاوترە. ئەم دۆخە پرۆسەیەکی پەیوەندییە کۆنەکان و ڕێککەوتنە نهێنییەکانە کە مێژووەکەی بۆ ساڵانی 1980 دەگەڕێتەوە. پێشنیاری جەمیل ئەسەد بۆ ئۆجەلان پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی ڕۆژئاڤا لەلایەن پەکەکەوە، لە ساڵی 1986دا دەستی پێکرد. لە ساڵی 1986 ڕێککەوتنێک لە نێوان جەمیل #بایک (جومعا) دامەزرێنەری پەکەکە و جەمیل ئەسەددا پێکهات. مەبەست لەم ڕێککەوتنە پاراستنی ڕێژیمی بەعس و بنەماڵەی حافز ئەسەد لە ڕۆژئاڤای کوردستان بوو. نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ساڵانی 1940دا خەباتێکی ئازادیخوازانەی دەستپێکردبوو و حیزبەکان ڕاستەوخۆ ڕۆژئاڤایان بە بەشێک لە کوردستان دەزانی. دەوڵەتی #سووریا لەم پارتە کوردستانیانە دەترسا. جگە لەوەش ترسیان لەوە هەبوو کە ئیخوان موسلیمین کە سوننە بوون، لە نێو کوردەکانی ڕۆژئاڤادا ببنە بە هێزێک. بە پێی ئەم ڕێککەوتنەی پەکەکە ـ سووریا، ئەرکی پەکەکە ئەوە بوو کە ئەم دوو گرووپە کە دەوڵەتی سوریا لێیان دەترسا، لە ڕۆژئاڤا دوور بخاتەوە. پەکەکە کەوا بە نوێنەرایەتی ڕژێمی ئەسەد ڕۆژئاڤای کۆنترۆڵ کردبوو، دەرفەتی زۆری بۆ ئۆجەلان بەدەستهێنا، لەوانە ئاسایش و بارودۆخی ژیان و دەروازە سنوورییەکان. کاتێک ئۆجەلان لە #دیمەشق و لە ژێر پاراستنی دەوڵەتی سووریادا دەژیا، کادیرەکانی توانیان بە ئارامی ڕای گشتی ڕێکبخەن و لە ناوچەکانی دیمەشق، حەلەب، #عەفرین و #جزیرێ کۆبوونەوە ئەنجام بدەن. لەو ماوەیەدا، جگە لە هەندێک ناکۆکی بچووک، پەکەکە لە ڕۆژئاڤا تووشی هیچ ئاستەنگێک نەهات. ئایا لە ڕوانگەی پەکەکەوە، ڕۆژئاڤا کوردستانە یان نا؟ لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1986 بەملاوە، پەکەکە هیچکات ڕۆژئاڤای وەک بەشێک لە کوردستان نەبینیوە و ڕێکخستنی کوردستانیانەی تێدا نەکردووە و هیچ داخوازییەکی نەتەوەیی بۆ کورد لە ڕۆژئاڤا نەکردووە. لە ساڵی 1986 بەملاوە، سەدان گەنجی کورد بە دروشمی "ئێمە دەڕۆین بۆ وڵات" ڕەوانەی شاخ کران بۆ ئەوەی تێکەڵ بە گەریلا ببن. ئەو دروشمەی پەکەکە واتای ئەوە بوو کە ڕۆژئاڤا "وڵات" نییە، بەڵکوو باشوور و باکوور وڵاتن و ڕۆژئاڤا بەشێکە لە سووریا. بۆیە پێناسەکردنی ڕۆژئاڤا بە "باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا" کە لە ساڵی 2013 بەملاوە بەردەوام لە پەکەکەییەکانی دەبیستین و بەشێک لە کوردەکان ڕەخنەشیان لێی گرتووە، شتێکی نوێ نییە. واتە بۆ پەکەکە ڕۆژئاڤا هەمیشە بەشێک لە سووریا بووە نەک کوردستان. لە ساڵانی 1990 و سەرەتای 2000ـەکاندا، ئەم گوتارەی پەکەکە بە باشی سەرنجی ڕای گشتیی کوردی ڕانەکێشا. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەوە ڕوون بووەوە کە ئەمە تەنیا گوتارێک نییە، بەڵکوو هاوکات هەڵوێستێکی سیاسیشە. ئەوانەی بە ناوی ڕۆژئاڤاوە سیاسەتیان دەکرد، وەک #مەزڵووم_عەبدی، ئیلهام ئەحمەد، فەوزا یووسف و ئاڵدار خەلیل، هەرگیز دەرنەکەوتن و نەیانگوت: “ئێمە دەمانهەوێت کورد خۆی حوکمڕانیی خۆی بکات"، قەد نەیانگوت "ئەو شارانە شاری کوردانن و ئەو مافانە مافی کوردن”. ئێستا دەوترێت لەبەرچی کورد لە ڕۆژئاڤادا هیچ دەستکەوتێکی بەدەست نەهێنا، چونکە ئەو لقوپۆپانەی پەکەکە کەوا لە ڕۆژئاڤا بەرجەستەکران، هیچیان بۆ کورد نەدەویست و خاوەن ئامانجی کوردستانی و #کوردایەتی نەبوون.

Вся лента

Каталог площадок Искать в ChatCrawler

A snapshot of an open public feed from the search index ChatCrawler — “Google for public Telegram”; refreshed as the venue is crawled. Times are UTC.

Public content only, official Telegram API. About · FAQ · What we do not do · Remove a page · Catalog